تبلیغات
> ....................................*************************************خوش آمدید دوستان********************************************.............................. ** ئاڵای نیشتمان ** - اشعاری از فایق بیکه س
                                                

       

 

                 گفتوگۆی بێ کەس  لەگەڵ زەمانه

بێ کەس:

ئەی   زەمانەی   بێ وەفا   تا کەی  لەگەڵما   خائینی

                      دائیمەن  تاڕێک و چەوت و عەکسی ئامالی منی

موددەتێ لای خۆت  له گەڵما وەک برا بوویت ئەی زەمان

                    حاڵی حازر لێم بەری بووی، ناحەز وهەم  دوژمنی

 

 وەڵامی زەمانە  بۆ بێ کەس:

 فایقا تۆ بۆچ  ئەناڵی ، بەسیە ئیتر قیژه---قیژ

                     من وەفام بۆ کەس بووە  وا تۆ خەریکی شیوەنی؟

سەد هەزار پیاوی نەجیبم  خستە  ژێر باری  جەفا

                    چەند هەزار پیاوی بەسەروەت مایەوه خۆی و ...

 

بێ کەس:

 ئەو کەسانەی تۆ ئەڵێی ، هێشتا لە بێ کەس چاترن

               چونکە  ژینی ئەو جەفایه ، زەهری مارە خواردنی

پێم بڵێ تۆ بۆچی دەرحەق ئەوکەسانەی  عاقڵن

               ئەژدیهایت و ، بۆ ئەوانەی جاهیلن هەروەک ژنی؟

زەمانه :

 ڕۆڵە تۆ جارێ مناڵی، شارەزای دنیا نەبووی

                سەیری تەئریخ کە  ئەزانی گەر لە  سیلکی خوێندنی

شا(صلاح الدین) و (دارا) ،  خاوەنی باخی ئیرەم

               جوملە  فەوتان، بوونە  خۆڵ و تۆ لە حاڵی نووستنی!

زەڕڕیەک فەرقی ئەم و ئەو قەتعی یەن لای من نی یه

                بەسیه   تەحقیر  کردنم ، تۆ تالیبی  شەڕ  کردنی!!!

بێ کەس:

 لێت مو حەققەق بێ زەمانە، عالەمێ  لێت عاجزە!!

           بێ وەفای، بێ مروەتی، هەم سەرسەری و پیس و دەنی

تاقەت و مەیل و بەقای تۆ  بۆ کەسێ تا سەر نەبوو

                هەردەمێ   یاری  یەکێکی ،  لایقی   زەم   کردنی...

     

                      ئەی مانگ

ئەی  مانگ  من و تۆ  هەردو  هاو دەردین

                        هەردو گروفتار یەک ئاهى سەردین

تۆ ویڵ و رەنگ زەرد  بە  ئاسمانەوه

                        منیش  دەربەدەر  بە   شارانەوه

دەخیلتم  ئەی مانگ قیبلەی دڵداران

                      دەرمانی   دەردی   دڵەی  بیماران

شەوێکە   ئەمشەو بگەرە  فریام

                     بێ  یارو هاودەم  عاجزو  تەنیام

دڵزارو   بێزار پەست و غەمگینم

                     گیرۆدەی  داوی   یاری  شیرینم

دڵبەندی عەشقی ئەو  بەڵەک چاوەم

                  شێت و شەیدای  ئەو  ئەگریجه  خاوەم

لەو  ساوە  ئەوم کەوتۆتە  خەیاڵ

                  گریانە  پیشەم  بوومە  کۆی زوخاڵ

ئەی مانگ تۆ شوعلەی عەشقی پیرۆزی

                 تۆ نەشئە بەخشی  دڵی  بەسۆزی

من سوێندت  ئەدەم  بە  عیشق و جوانی

                   بە   نەسیمەکەی   بەری   بەیانی

بەسەرهاتی  خۆت بۆ من  بەیان که

                دەردی  گرانم   نەختێ   ئاسان که

دوچاری چی  بووی   وا پەشێواوی؟

                 لەبەر  چی پەست  و مات و داماوی؟

پێم بڵێ توخوا چەند جووانت  دی؟

               چەند جووتە یاری دەس  لە ملانت  دی؟

چەند  کۆڕی  بەزمی عاشقانت دی؟

                چەند تەخت و بەخت و خان و مانت دی؟

چەند  قەهرەمان و چەند سوڵتا نت دی؟

                چەند قەوم  و میللەت، چەند شارانت دی؟

چەند شەڕو شۆڕی بێ ئامانت دی؟

                چەند  بۆردومانی  کوردستانت   دی؟

چەند کفنی ئاڵی شەهیدانت دی؟

               چەند  بێ کەسانی   پەرێشانت   دی؟

چەند  دەربەدەرو  ماڵ وێرانت دی؟

              چەند  چاوی سوور ی پڕ  گریانت   دی؟

ئەی مانگ ئەوەندە   سەیری   دنیات کرد

             سەیری  نیفاق و  زوڵم و  ڕیات  کرد

بۆیە  بەم ڕەنگە  کاری  لێ کردی

               ڕەنگ  و شوعووری   بەجارێ  بردی...

     

                      مەلا و  شێخەکان

لای  مەلا  وایە  کە  جەننەت   تەکیەوو  لات خانەیە

جێی  موریدو  شێخ و سۆفی ، مەلجەئی  دێوانەیه

غەیری  ئەم  قیسمانە  باقی  کافری  بتخانەیە

موختەریع ، عالم ، مونەووەر  پەشمەلای  ، ئەفسانەیه

          *                *             *

شێخ  ئەگەر  سەد کەس  بە خەنجەر  لەت  بکا  بەئسی  نی یە

(....)بکا ، تاڵان بکا  ، کوشتار بکا  ترسی  نی یە

چونکە  ئەولادی  ڕەسولە  قەتعیەن  پرسی   نی یە

خائین و  بێ دین  لەکن  ئەو  عاشقی   پەیمانەیه

   *                   *                 *

مامە  سۆفی  وای  تەمایە  هەر  بە  ڕیشی   پانەوە

قەسری  بۆ حازر  کرابێ   پڕ  بە حۆریی  جوانەوە

ئەو  ئەڵێ  جەننەت بە  ڕیشه ، نەک  بەهۆی  عیرفانەوە

سەد (صلاح الدین)  و (دارا)  قیمەتی   یەک   ئانەیه

  *                *                  *

گەر بەهەشت  هەر بێتە  جێگەی  جاهیل و شێت و کەران

دۆزەخیش  مەخسووسی  پیاوی  فازیل و ساحێب  نیشان

خوایە  بمخەیتە  جەهەننەم  نەچمە  ڕیزی  وەحشی یان

جەننەتی   چی  گەر وەها  بێ   عەینی   تیمارخانەیه

*              *                  *

چاوەکەم   بەخوا  خەیاڵتان   خاوە  چاکی   تێ بگەن

خوا یەکێکی  خۆش  ئەوێ   دانا بێ ساحێب  فیکرو فەن

ئیستفادەی  بۆ  بەشەر بێ ، خادیمی موڵک و  وەتەن

های و هوویی   بێ  سەمەر  هەر کردەوەی   شێتانەیه

*              *                  *




طبقه بندی: اشعار کردی،

تاریخ : سه شنبه 18 تیر 1392 | 05:41 ب.ظ | نویسنده : فرزاد نظرات
.: Weblog Themes By VatanSkin :.